بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی ” صوت بیروت ” بە گێڕانەوە لەو دامەزراوەیە ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنیستی بەراورد بە ناوچەکانی دیکە کە شەڕ و تاوانی بەردەوام یان چالاکی گرووپە مافیاکانی مادە هۆشبەرەکان و تاوانبارانی تێدایە، سەبارەت بە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە پلەی یەکەمی جیهاندایە.
ئەو لێکۆڵینەوە پیشان دەدات کە بە پێی مامناوەندی ئاماری ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکان بە پێی هەر 10 ملیۆن کەس لە ساڵ، کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە لایەن ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستییەوە لە فەڵەستینی داگیرکراو 73.4 زیاترە لە جیهان بە گشتی و لەم بوارەدا پلەی یەکەمی هەیە.
ڕژێمی زایۆنیستی لە ساڵی 2000 تا ئێستا 55 ڕۆژنامەنووسی فەڵەستینیی لە کاتی چالاکی و ڕووماڵکردنی ڕووداوەکاندا شەهید کردووە کە دوایین نموونەشی غوفران وارسنەیە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو ڕژێمەوە لە کەمپی ئاوارەکانی ئەلعروب لە باکوری ئەلخەلیل کوژراوە.
هەروەها کوشتنی پەیامنێرەکەی کەناڵی جزیرە بە ناوی شیرین ئەبوعاقڵە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە کاردانەوەی جیهانیی لێکەوتەوە.
زۆربەی وڵاتان، دامەزراوەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کاردانەوەیان بەرامبەر بە کوژرانی ئەبوعاقڵە، وێڕای ئیدانەکردنی ئەم تاوانەی زایۆنیستەکان، داوای وەڵامدانەوەی ئەو ڕژێمە و لێکۆڵینەوەی نیودەوڵەتییان لە سەر تاوانەکە کردووە./.