بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی CNN لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا سیاسەتی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ زیندووکردنەوەی رێکەوتنی ناوەکی شکستی هێناوە و ئێران بەردەوام داواکارییەکانی خۆیی لە بواری ناوەکیدا زیاد کردووە.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە خێراتربوونی پلانی ناوەکی ئێران لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن زیاتر بووە.
کەناڵەکە بە ئاماژە بە سزا و گەمارۆ ئابورییەکانی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا لە دژی ئێران ڕایگەیاندووە کە بایدن کە دژی کەمپینی زیاترکردنی گوشارەکانی سەر ئێران بووە، لەو کاتەوە بە دەسەڵات گەیشتووە، دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکیی دەستپێکردووە بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.
CNN ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ هەموو جۆرە سزایەکی بە سەر ئێراندا سەپاندووە و ئێستا بژاردەکانی بایدن لە بەرامبەر ئەم وڵاتە تەواو بووە.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەگەرچی سزاکان کاریگەریی لە سەر کەرتی ئابوری ئێران هەبووە بەڵام نەبووەتە هۆی لەناوچوونی ئابوریی ئەم وڵاتە و لە ئێستادا تاران هەوڵ دەدات کاریگەری سزا ئابورییەکان زیاتر لە سەر ئابورییەکەی کەم بکاتەوە./.