بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوایین بەشی سەردانەکەی بۆ وڵاتی تورکمانستان و بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ناوچەی خەزەر، لە گەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا کۆبووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کۆبوونەوەدا وتی: پاش سەردانەکەم بۆ ڕووسیا، شاندە باڵاکانی هەر دوو وڵات سەردانی تاران و مۆسکۆیان کردووە و ئامانجیش ئەوە بووە کە ڕەوتی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان خێراتر ببێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی ستراتیژیدا دەبینێت و وتی: پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بواری بازرگانی و هاوکارییەکان لە بواری وزە لە ئاستێکی باڵادایە بەڵام بە پێی توانا و دەفرایەتییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ، دەکرێت زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا بدرێت.
ناوبراو جەختی لە سەر پێویستی پاڵپشتی لە پرۆژەی ڕێڕەوی باکور – باشور کردەوە و وتی کە ئێران و ڕووسیا دەتوانن لە بواری وزەدا زیاتر پەرە بە هاوکارییەکان بدەن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها وتی کە پەیوەندییە بانکی و داراییەکانی ئێران و ڕووسیا دەبێت لە چوارچێوەیەکدا بێت کە سەربەخۆ لە سیستەمە داراییەکانی ڕۆژئاوا بێت و هیچ وڵاتێک نەتوانێت گوشار و کاریگەریی لە سەر دابنێت.
هەروەها ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیاش لەو کۆبوونەوەدا خۆشحاڵی خۆیی بە دووبارە کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی و داوایکرد کە ڕێز و سڵاوی بە حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بگەێنێت.
ناوبراو پاڵپشتی خۆیی بۆ پێشنیارەکەی سەرۆک کۆماری ئێران لە پێناو زیاترکردنی هاوکارییەکانی هەر دوو وڵات لە بواری وزەدا دەربڕی./.