بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەنی گانتس وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی سەرقاڵی ڕاوێژە سەربازی و ئەمنییەکانە بۆ دەستنیشانکردنی جێگرەوەی ئاویو کوخاوی سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەم ڕژێمە کە لە مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو وادەی پۆستەکەی تەواو دەبێت. ناوەندە زایۆنیستییەکانیش باس لەو کێشە و گرفتە سەرەکییانە دەکەن کە سەرۆک ئەرکانی داهاتوو ڕوبەڕوی دەبێتەوە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، تال لۆ ڕام شرۆڤەکاری زایۆنیست لە نووسینێکدا لە ڕۆژنامەی مەعاریۆ ڕایگەیاند: سەرۆک ئەرکانی نوێی سوپای ئیسرائیل لە داهاتوودا ڕوبەڕوی 5 کێشەی سەرەکی دەبێتەوە، یەکەم کێشە ئێرانە کە لە واژۆکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی نزیک دەبێتەوە، ئەو بابەتەی کە ڕەنگە دەرفەتی بژاردەی سەربازی لە دژی ئەم وڵاتە کەم بکاتەوە، پاش ئەوەی کە ئیسرائیل لە دوو ساڵی ڕابردوو خۆیی بۆ هێرشی داهاتوو بۆ سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران ئامادە کرد. ئەمڕۆ ڕوون بووەتەوە کە ئیسرائیل لە ئێستادا بژاردەیەکی متمانەپێکراوی بۆ هێرشەکە نییە بەڵام فەرماندەی سوپا دەبێت لە ساڵانی داهاتوو ئاستی ئامادەیی بۆ هەر شەڕێکی سەربازی و وەڵامدانەوەی ئێران لە شەڕی ئاشکرانەکراوی ئێستای نێوان هەر دوو لا بەرز بکاتەوە.
ناوبراو وتی: کێشەی دووەم لە بەرامبەر سەرۆک ئەرکانی داهاتووی سوپا یان هەمان فەرماندەی سوپای ئیسرائیل قەیرانی هێزی مرۆڤی لە دامەزراوە سەربازییەکان بە تایبەت لە ئاستی مەیدانییە کە لاوازبوونی هێشتا بەردەوامە و هەست بەم قەیرانە دەکرێت، هەر بۆیە کاریگەریی ئەفسەرانی باڵا لەم ساڵانەدا کەم بووەتەوە و ئەمەش پێویست بە گۆڕانکارییەکانی بنەڕەتی لە سوپا دەکات.
لۆ ڕام ڕایگەیاند: کێشەی سێهەم کە ڕەنگە مەترسیدارترین بێت حزبوڵڵای لوبنانە، بە زیاتربوونی ئاڵۆزییەکان سەبارەت بە سنورە ئابوری و ئابورییەکان لە گەڵ لوبنان و کێڵگەی گازی – نەوتیی کاریش و سەرەڕای هەوڵی ساڵانی ڕابردوو بۆ باشترکردنی ڕەوتی ئامادەیی لەم بەرەیەی شەڕ، هێزی ئاسمانی و کڕینی چەک، ئەگەری شەڕی دژ بە حزبوڵڵا زۆرە.
بە وتەی ئەو شرۆڤەکارە زایۆنیستە، کێشەی چوارەم لەناوچوونی ئازادیی هێزی ئاسمانی ئیسرائیلە لە ساڵانی ڕابردوو.
ڕاشیگەیاند کە کێشەی پێنجەم کەرتی غەززە و کەرتی خۆرئاوایە. سەرەڕای ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل هەوڵی ڕوبەڕوبونەوەی گرنگترین هەڕەشە و کێشەکان و نەبوونی دەستێوەردان لە شەڕەکانی گۆڕەپانی فەڵەستینی داوە بەڵام بە چەندین جار تووشی کێشەی غەززە بووە، سوپا بەم دواییە باسی لە ئەگەری ئاگربەستی درێژخایەن کردووە بەڵام ڕەنگە زیاتر خەون و خولیا بێت تا شرۆڤەیەکی ووشیارانە. سەبارەت بە دۆخی ئەمنی کەرتی خۆرئاواش بۆ کەس شاراوە نییە کە فەرماندەکانی سوپا بەو ڕاستییە گەیشتوون کە بە نزیکبوونەوە لە وادەی سەرۆکایەتی مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین، ئاڵۆزییەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە، بە تایبەت لە کەمپەکانی وەک جنین و نابلۆس. بە هۆی کەمبوونی هێزی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین، ئیسرائیل ناچار بە دەستێوەردان دەبێت و پێکدادان لە گەڵ چەکدارانی فەڵەستینی ڕووی لە زیادبوون کردووە./.