بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە 21 ی ئەیلولی 2022 لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە فەرماندە و ئەندامانی دێرینی بەرەڤانی پیرۆز، شەڕی سەپێندراوی هەشت ساڵەیان بە ئەنجامی سیاسەتی ستراتیژیی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی لە دوژمنایەتی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ناو برد و وتیان: سەرەڕای پاڵپشتی و هاوکاریی هەمەلایەنەی وڵاتانی زلهێزی جیهان لە سەدام، شەڕ بە کاریگەری سێ فاکتەری گرنگی ” هێزی شۆڕش، ڕێبەرایەتی زۆر کاریگەری ئیمام خومەینی (رە) و تایبەتمەندییە باڵاکانی گەلی ئێران ” لە هەڕەشەوە بووە دەرفەتێکی گەورە کە گێڕانەوەی ڕاست و درووستی ئەم وەرزە بەشکۆیە لە مێژووی ئێران بۆ جیلی گەنج و مێرمنداڵ، بەردەوامی سەرکەوتنەکانی شۆڕشی ئیسلامی دەستەبەر دەکات.
بەڕێزیان سەپاندنی شەڕیان بە سەر گەلی ئێراندا بە کاردانەوەی زلهێزەکان لە بەرامبەر سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ناو برد و وتیان: شۆڕشی گەلی ئێران، بە تەنیا شکستی دەسەڵاتێکی بەسراوە و گەندەڵ و لێدانێکی کاتی لە ئەمریکا و ڕەوتی ستەمکاری جیهانی نەبوو، بەڵکوو هەڕەشەیەک لە سەر ئیمپراتۆریەتی خۆسەپێنی جیهانی بوو و ستەمکارانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بە بۆنەی ئەم هەڕەشەوە، شەڕیان بە هاندانی سەدام بە سەر گەلی ئێراندا سەپاند.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئامانج لە شەڕی سەپێندراوی هەشت ساڵەیان بۆ ڕێگری لە گەیشتنی پەیام و قسەی نوێی گەلی ئێران بە گەلانی دیکە لە پێناو خۆڕاگری لە بەرامبەر زوڵم و ئەمریکا گەڕاندەوە و وتیان: سەرهەڵذانی سیستەمێکی سیاسی سەربەخۆ و بەئامانج، ئەویش لە وڵاتێکدا کە شوێنی هیوا و پشت بەستن و پیلانگێڕی ئەمریکا بوو بۆ ئەوان قبووڵکراو نەبوو، هەر بۆیە لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بە دەیان شێوە، پیلانیان لە دژی گەلی ئێران جێبەجێ کرد.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: لە ساڵانی بەرەڤانی پیرۆزدا گەلی ئێران سەرجەم پیلانەکانی دوژمنانیان پووچەڵ کردەوە و بە پێچەوانەوەی خوێندنەوەی دوژمنان، لە هەڕەشەکان باشترین دەرفەتیان بۆ پێشکەوتنی وڵات خوڵقاند.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی ئێرانیان بە دەستکەوتێکی بەرەڤانی پیرۆز ناو برد و وتیان: خۆشبەختانە ئەمڕۆ وڵات گەیشتووەتە ئاستێک کە لە ڕووی بەرگری و سەربازییەوە نیگەرانی هەڕەشە دەرەکییەکان نییە و دوژمنان لەم بابەتەش ئاگادارن.
بەڕێزیان جەختیان کردەوە کە وەک دەسکەوتێک لە ساڵانی بەرەڤانی پیرۆز ئەوە بۆ گەلی ئێران سەلمێندراوە کە پاراستنی وڵات و بەرگری لە بەرامبەر هەڕەشەکانی دوژمن، تەنیا لە ڕێگای خۆڕاگرییەوە مسۆگەر دەبێت نەک خۆبەدەستەوەدان./.