بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن قەناعەتی سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری ئاژانسی فارس، سەبارەت بە لێدوانی هەندێک کەس لە دۆسیەی مردنی مەهسا ئەمینی، وتی: پاش ئەم ڕووداوە لێژینەیەکی لێکۆڵینەوە لە ئەنجومەنە پزیشکییە پەیوەندیدارەکان پێکهێنرا و ئەو ئەنجامەی کە تا ئێستا بە دەست هاتووە، پیشان دەدات کە لە مێشکی نەخۆشدا هیچ نیشانەیەکی شکان یان خوێنڕێژی بوونی نەبووە.
مەهسا ئەمینی لە نەخۆشخانەی میلاد ی تاران نەشتەرگەری مێشکی کردووە
ناوبراو ڕایگەیاند کە هەر لێدانێک ببێتە هۆکاری مردنی کەسێک، خوێنڕێژی یان هێمای دیکەی لە گەڵ دەبێت بەڵام هیچ نیشانەیەک لەمانەی کە باسکرا لە سی تی سکەنەکانی ئەم نەخۆشەدا نەبینراوە. خەڵکی ئێران مافی ئەوەیان هەیە کە پرسیار بکەن بۆ کەسێکی گەنج بە بێ هیچ لێدانێکی مێشک گیانی لە دەست داوە؟ ئەم پرسیارەش بۆ پزیشکان هەبووە، بەڵام تاوتوێکردنی دۆسیەی نەخۆشەکە و سی تی سکەنەکان پیشان دەدات مەهسا ئەمینی لە نەخۆشخانەی میلادی تاران نەشتەرگەری مێشکی بۆ کراوە و سەرجەم وێنەکان ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە لە بەشی ڕاستی مێشکەوە بۆ دەرهێنانی غودەی شێرپەنجەکە ئەو نەشتەرگەرییە کراوە و ئاسەواری ئەو نەشتەرگەرییەش هەر لە مێشکیدا مابووەوە، هەروەها بەشێک لە غودەی شێرپەنجەکەش هەر لە مێشکی ئەودا مابووە.
قەناعەتی وتی: تاوتوێکردنی دۆسیەی نەخۆشەکە پیشان دەدات کە ئەو بە هۆی ئەم نەشتەرگەرییەوە تووشی نەخۆشی شەکرەش بووە. ئەنجامی کۆتایی ڕادەگەێندرێت و دەبێت لە لایەن لێژنەی لێکۆڵینەوە بە وردی و تەواوی تاوتوێ بکرێت تا مافێک لەم بنەماڵەیە پێشێل نەکرێت.
سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران وتی: لە چەند مانگی ڕابردووەوە دوژمنانی گەلی ئێران پیلانی ئەوەیان داڕشتبوو کە بە دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندنی زانکۆکان ئاژاوەگێڕی بکەن و مردنی مەهسا ئەمینی لە لایەن ئەوانەوە وەک بیانوویەک بەکار هێندرا./.