بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو پیلانەی ئەمریکا پێشێلکردنی ئاشکرای مافی نێودەوڵەتی و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئێران کورسی خۆیی لە کۆمیسیۆنی ژنانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگای هەڵبژاردنێکی دیمۆکراتیکەوە بە دەست هێناوە و هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە ئەم ئەندامێتییە وەربگرێتەوە. هەر بۆیە ئەم پیلانە، داهێنانێکی مەترسیدارە کە بووە هۆی ئەوە ئستفان دوجاریک وتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی لەم بەرپرسیاریەتییە بدزێتەوە و بڵێت کە ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی و ئابوریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم بڕیارەی داوە و ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی تێدا نەبووە و هیچ ڕاوێژێکیش لە گەڵ بەشی یاسایی ئەم ڕێکخراوە نەکراوە.
ئێستا خاڵێک کە زیاتر لە ڕابردوو ڕوون بووەتەوە، ئەوەیە کە ئەمریکا بە پڕوپاگەندەی بەرگری لە مافی مرۆڤ لە ئێران بە تایبەت مافی ژنان، گاڵتە بە خەڵکی جیهانەوە دەکات. ئەمریکا کە بەردەوام دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئامرازی سەپاندنی زۆر و خواستەکانی خۆی بەکار هێناوە، زیاتر لە چل ساڵە کە هەموو جۆرە سزا و گەمارۆیەکی لە دژی گەلی ئێران جێبەجێ کردووە، بە شێوازێک کە تەنانەت ڕێگریی لە هاوردەی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە لایەن ئێرانەوە کردووە و بە هەزاران ئێرانی بوونەتە قوربانیی ئەم سیاسەتە دژە مرۆڤانەی دەسەڵاتدارانی واشنتن.
ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ناتۆ و وڵاتانی سەر بەوان لە کاتێکدا باس لە دەرکردنی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنان دەکەن کە لە ئێراندا هیچ بواری زانستی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، سیاسی، وەرزشی و هونەری بوونی نییە کە ژنان بوون و ڕۆڵیان تێدا نەبێت. ئێران لە سەر ئاستی جیهان لەو وڵاتانەیە کە ژمارەی خوێندکارای کچی زانکۆکانی زیاتر لە خوێندکارانی کوڕە.
فەرەنسا یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی لایەنگری ئاژاوەگێڕان لە ئێرانە و بانگەشەی بەرگری لە ئازادی ژنانی ئێرانی دەکات. ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە وەک پاڵپشتییەک بۆ ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ” خەباتی ژنانی ئێرانی بۆ ئەو پیرۆزییانەیە کە لە ناوەڕۆکی درووشمەکانی ئێمەدایە و هەمان ئازادی جیهانییە کە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین “. ناوبراو دواتر لە تویتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ” ژمارەی ئەو ژنانەی کە لە ترسی دەسدرێژی لە فەرەنسا کەرتی گواستنەوەی گشتی بەکار ناهێنن ڕوو لە زیادبوون دەکات ” و پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە لە کاتی قەرەباڵغیدا هێزەکانی پۆلیسی لە کەرتی گواستنەوەی گشتیدا زیاتر بکرێن.
لە لایەکی دیکەوە کەمتر کەسێک هەیە کە لە پێگەی ڕاستەقینەی مافی مرۆڤ لە سیاسەت و هەڵسووکەوتی ئەمریکا لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە تێنەگات. یەک لە سەر سێی ژنانی زیندانی لە سەر ئاستی جیهان لە گرتووخانەکانی ئەمریکادان. پۆلیسی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2015 تا ئێستا زیاتر لە 250 ژنی کوشتووە، ئەم ئامارەش تەنیا پەیوەندی بە ناوخۆی ئەمریکاوە هەیە. بەڵام لە دەرەوە، واشنتن گەورەترین پاڵپشتی حکومەتە دیکتاتۆر و خوێنمژەکانی وەک ڕژێمی زایۆنیستییە کە بە دڕندانەترین شێواز ڕوبەڕوی گەلی فەڵەستین دەبێتەوە. سعوودیەش یەکێکی دیکە لەو وڵاتانەیە کە بە هۆی پاڵپشتییەکانی ئەمریکاوە بە دەیان ژنی تەنیا لە سەر تویتێک خستووەتە زیندانەوە و نەیارانی پارچە پارچە دەکات.
ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و شوێنکەوتووانی ئەوان بەو کارنامە ڕەشەی مافی مرۆڤەوە لە پێگەیەکدا نین باس لە مافی مرۆڤ لە ئێراندا بکەن./.