بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێوڕەسمی ناساندنی نوێترین ڕیکۆردی ئێران لە کتێبی گینس، ئەفشین قادرزادە وەک کورتەباڵاترین پیاوی زیندووی جیهان، ڕۆژی یەک شەممە 4 ی بەفرانباری 1401 ی کۆچی هەتاوی (25 ی کانوونی یەکەمی 2022) بە ئامادەبوونی فەرزاد هۆشیار پارسیان بەڕێوەبەری تاوەری ئازادی و کۆمەڵەی کەلتوری – هونەری شۆڕشی ئیسلامی، هادی ڕەزایی بەڕێوەبەری ڕیکۆردە نیشتمانییەکانی ئێران، ئەفشین قادرزادە و بنەماڵەکەی لە تاوەری ئازادیی تاران بەڕێوەچوو.
هۆشیار پارسیان بەڕێوەبەری تاوەری ئازادی لەو ڕێوڕەسمەدا وێڕای بەخێرهاتنی بنەماڵەی قادرزادە و دەستخۆشی لە هەوڵەکانی کۆمیتەی ڕیکۆردە نیشتمانییەکانی ئێران، وتی: بە نوێنەرایەتی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، هیوادارین بە هاوکاری ئێوە بتوانین ئەفشین قادرزادە زیاتر بە جیهانی بکەین و ناوبراو لە لوتکە بەرزەکانی ناسینەوەی جیهاندا ببینین. لە کۆمیتەی ڕیکۆردە جیهانییەکانی ئێران بۆ هەڵکردنی ئاڵای ئەم نیشتمانە گەورە و خۆشەویستە دەستخۆشی دەکەم.
بەڕێوەبەری ڕیکۆردە نیشتمانییەکانی ئێرانیش لەو ڕێوڕەسمەدا بە ئاماژە بە چۆنیەتی تۆمارکردنی ناوی ئەفشین قادرزادە لە کتێبی گینس، ڕایگەیاند: لە جیهاندا کۆمەڵەیەک بە ناوی ڕیکۆردەکانی گینس ساڵانێکە چالاکی دەکات و پێگەیەکی زۆر باشی هەیە و هیوای زۆربەی گەنجانی ئێرانی ئەوەیە کە ناویان لەو کتێبەدا تۆمار بکرێت.
ڕەزایی وتی: بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەفشین قادرزادە لە کتێبی گینس، بە پێی ئەو زانیارییانەی لە ناوبراو هەبوو، بانگهێشتی تاران کرا و ڕیکۆردە نیشتمانییەکانی ناوبراومان تۆمار کرد و ئەوەمان بینی کە قادرزادە دەتوانێت لە سەر ئاستی جیهان ناوی هەبێت، هەر بۆیە نووسراومان ئاراستەی ڕیکۆردەکانی جیهان کرد، مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ بە ئامادەبوونی نوێنەری گینس لە دۆبەی لە وڵاتی ئیمارات ئەم ڕیکۆردە تۆمار کرا و لە ڕووداوێکی دەگمەندا کریگ گڵندی سەرنووسەری ڕیکۆردە جیهانییەکانی گینس بۆ تۆمارکردنی ڕیکۆردەکەی ئەفشین قادرزادە لە بەریتانیاوە هاتە دۆبەی.
ناوبراو وتی: بۆ تۆمارکردنەکەش بەرزیی قادرزادە سێ جار بە شێوازی هەستانەوە، خەوتوو و دانیشتوو تۆمار کرا و مامناوەندی ئەوانەش بە 65.24 سەنتی مەتر بەرزی وەک کورتە باڵاترین پیاوی زیندووی جیهان تۆمار کرا. لە جیهاندا تەنیا چوار کەس لەم ئاستەدا بوون کە ئەفشین لە هەموویان کەوتە پێشەوە و ئیدوارد هێرناندزی کۆڵۆمبیایی بە بەرزیی 72.1 سەنتی مەتر پێشتر خاوەنی ڕیکۆردەکە بووە.
ئیسماعیل قادرزادە باوکی ئەفشین لەو ڕێوڕەسمەدا بە ئاماژە بە کێشە و پێداویستییەکانی منداڵەکەی، هیوای خواست کە بە تۆمار کردنی ناوی ئەفشین لە کتێبی گینس، زیاتر بناسرێت و پاڵپشتی بکرێت.
ئەفشین قادرزادە کە پێی باشە بە محەممەد ناو ببرێت، لەدایکبووی 2 ی پووشپەڕی ساڵی 1381 ی کۆچی هەتاوی (2002) لە گوندی خورە خورەی قەزای بۆکانە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێران. ئەو تەنیا منداڵەی ئەو خێزانەیە و کاتی لەدایکبوونی تەنیا 800 گرام کێشی هەبووە و ئێستا کێشی گەیشتووەتە 6.5 کیلۆ.
ئەفشین دەڵێت: ” خەون بەوەوە دەبینم کە بتوانم هاوکاریی باوک و دایکم بکەم، ئەم ناسینەوە لە سەر ئاستی جیهان ڕەنگە یارمەتیدەرم بۆ گەیشتن بەو خەون و هیوایە بێت “./.