بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەمید حوسێنی سەبارەت بە بڕیارەکەی بانکی ناوەندی ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵوگۆڕە نێودەوڵەتییەکانی دۆلار لە لایەن بانکەکانی عێراق و کاریگەریی لە سەر پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی تاران و بەغدا وتی: هێشتا زووە لە سەر ئەم بابەتە لێدوان بدرێت، دەبێت بزانین کە ئایا بانکی ناوەندی ئەمریکا درێژە بەم سیاسەتەی خۆی دەدات یان نە. ڕۆژانە نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار لە لایەن بانکەکانی عێراقەوە ئاڵوگۆڕ دەکرا کە لە ئێستادا گەیشتووەتە 30 تا 40 ملیۆن دۆلار و ئەمەش بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی.
ناوبراو وتی: بڕیارەکەی بانکی ناوەندی ئەمریکا بە دڵنیاییەوە ناڕەزایەتی خەڵکی عێراقی بە دواوە دەبێت و گوشاریش لە سەر حکومەتی ئەم وڵاتە دادەنێت و لە لایەکی دیکەوە دەبێتە پڕوپاگەندە لە دژی ئێران و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە بەر ئەوەی دۆلار دەبرێتە ئێران، ئەمریکا ئەم بڕیارەی داوە.
سەرۆکی یەکێتی هەناردەکارانی بەرهەمەکانی نەوت، گاز و پترۆکیمیای ئێران وتی: تا ئێستا هیچ چاودێرییەک لە سەر ئاڵوگۆڕەکانی دراو لە بانکەکانی عێراق نەبووە. عێراق پێشتر ڕۆژانە 250 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوتی هەبووە و بەم نرخەی ئێستای نەوت داهاتەکەی گەیشتووەتە ڕۆژانە زیاتر لە 350 ملیۆن دۆلار، بانکی ناوەندی عێراق هیچ حسێبێکی نییە و کارێکی ئەوتۆ ناکات و تەنیا پشکی بانکە عێراقییەکان دیاری دەکات کە ئەرکی ئەوەیان هەبووە ڕۆژی پێشتری دینار لە بازاڕ کۆبکەنەوە و ڕادەستی بانکی ناوەندیی بکەن. بانکی ناوەندیش بە پێی ئەوە دۆلاری دەدایە بانکەکان و دواتریش بانکەکانی عێراق بەو کەسانەی کە دیناریان وادەست کردبوو، دۆلاری لە عێراق یان وڵاتانی دیکە ڕادەست دەکرد. هەر بۆیە هیچ میکانیزمێکی چاودێری لە بەرامبەر ئەوەی کە دۆلار دراوە، ئایا کاڵایەک هاوردەی عێراق کراوە یان نە، نەبووە.
حوسێنی وتی: ئەم سیاسەتە لە پێناو ئەوەدا بووە کە چاودێڕی ڕەوشی دۆلار لە عێراق بکرێت، لە بەر ئەوەی کە بەشێک لەو پارەیە بۆ گەندەڵی و بردنەوە دەرەوە لە عێراق بووە، بەشێکی دەبووە هۆی دەرچوونی سەرمایە و هاوردەی کاڵا و بەشێکی دیکە ڕەنگە لە شوێنە جیاجیاکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت، بانکی ناوەندی عێراق و ئەمریکا دەیانەوێت ئەم دۆخە کۆنتڕۆڵ بکەن.
وتیشی کە لە ئێستادا گرنگترین بانکی عێراقی کە کاری هەناردە و ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی دەکات بانکی بازرگانی یان TBI بانکە کە بەڕێوەبەری داراییەکەی کەسێکی ئەمریکییە و چاودێری هەموو شتێک دەکات و دەیانەوێت سەرجەم بانکەکانی عێراق بکەنە دەرەوە و هەموو شتێک لای بانکێک بێت کە خۆیان بەڕێوەی دەبەن. ئەمریکا ڕاستوخۆ بەڕێوەبەری بانکەکان دیاری دەکات و بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆکی بانکی ناوەندی و بانکی بازرگانی لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەچێتە هەمان چوارچێوەی سیاسەتی گوشارەکانی ئەمریکاوە.
سەید حەمید حوسێنی لە درێژەدا وتی: بڕیارەکەی بانکی ناوەندی ئەمریکا کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق نابێت، کەرتی تایبەتی عێراق خوازیاری کڕینی کاڵای ئێرانییە و دەبێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، دەکرێت پارەی کڕینی کاڵاکان بە دراوەکانی دیکەی وەک دینار، درهەم، لیری تورکیا و یان یۆرۆ بدرێت و ئەگەر عێراق نەتوانێت پارەکەی بداتەوە بە دڵنیاییەوە ناتوانێت کاڵا و پێداویستییەکانی لە ئێرانەوە هاوردە بکات. ئەڵبەت ئێمە نابێت خۆمان بەم بابەتەوە سەرقاڵ بکەین، ئەگەرچی دەتوانێت لە کورت ماوەدا هەندێک کێشە بخاتە بەردەم هەناردەی کاڵای ئێران بۆ عێراق.
سەرۆکی یەکێتی هەناردەکارانی بەرهەمەکانی نەوت، گاز و پترۆکیمیای ئێران سەبارەت بە وەرگرتنی پارەی هەناردەی گاز و کارەبا بۆ عێراق وتی: کڕینی گاز لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دەکرێت، میکانیزمێک هەیە کە دەبێت عێراق لە بەرامبەر گازی هاوردەکراو لە ئێران، کاڵا و پێداویستی ئێمە دابین بکات، کێشەکە ئێستا لای عێراقە کە دەبێت بزانێت ئایا موڵەتی ئەوەی هەیە ئەو کاڵانە بە دۆلار بکڕێت یان بانکی بازرگانی دۆلارەکە بکاتە درهەم یان یۆرۆ و ئەوەش ڕادەستی بازرگانانی عێراقی بکات کە ئەو کاڵا و پێداویستییانە بکڕن. عێراق پێویستی بە کارەبا و گازی ئێرانە و تەنانەت هەوڵی زیاترکردنی ڕێژەی هاوردەشی دەدات، ئەگەر بیەوێت ئاستەنگێک درووست بکات ڕوبەڕوی کاردانەوەی ئێران دەبێتەوە و خۆی تووشی کێشە دەبێت.
ناوبراو وتی کە لە ئێستادا سیستەمی پێدانی پارەی عێراق تووشی کێشە بووە و تەنیا پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە، ئەمریکا ڕێژەی پێدانی دۆلاری بە بانکی ناوەندی عێراق کەم کردووەتەوە و نرخی دینار لە بەرامبەر دۆلار دابەزیوە و خەڵک لە ئێستادا هەوڵی کڕینی دراو دەدەن و ئەمەش کێشەی خستووەتە بەردەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئەم وڵاتە، ئەمریکا دەیەوێت کۆنتڕۆڵی بازاڕی دراوی عێراق بکات و ئەرکی حکومەتی بەغدا ئەوەیە کە موڵەتی دەستێوەردانی زیاتر بە ئەمریکا نەدات./.