بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شاری تاران ڕایگەیاند کە سەرەتایەکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان دەست پێدەکاتەوە.
ناوبراو وتی: بە سوپاسەوە پێشوازیمان لێکرا لە لایەن ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و کۆبوونەوەکان بە شێوەیەکی گشتی هەموویان زۆر بە باشی بەڕێوەچوون و سوپاسی پێشوازی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین لە شاندی هەرێمی کوردستان.
دەقی لێدوانەکانی نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی تاران لە درێژەدا هاتووە:
سەردانەکەمان، سەردانێکی باش بوو بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. ئێمە پێمان وایە ئەو سەردانەمان سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێدەکاتەوە.
لەم سەردانەدا، بە سوپاسەوە لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی پێشوازیکراین. کۆبوونەوەکان بە شێوەیەکی گشتی زۆر بەباشی بەڕێوەچوون. سوپاسی پێشوازیی هەموو لایەکیان دەکەین لە شاندی هەرێمی کوردستان.
بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، پەیوەندییەکی زۆر گرنگە، پەیوەندییەکی مێژووییە. زۆر بابەتی هاوبەشمان هەیە کە ئێمە بە یەکتر دەبەستێتەوە. لە مێژوو و دوای سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تاوەکو ئێستاش زۆر شتی گرنگمان هەیە کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە یەکتر دەبەستێتەوە. ئێمەش سوپاسی هەموو ئەو هاوکاریی و پشتیوانییانەمان کرد کە لە قۆناخە سەختەکاندا هەمیشە پشتیوانییان کردووین.
بێگومان هەندێک گرفتیش لەم رێگەیەدا هەیە، ئەوە نییە بڵێی هیچ گرفتێک نەبێت. بەڵام ئەوەی گرنگە و من دەیبینم، کە بۆ ئێمە گرنگە، دەبێت هەوڵ بدەین ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێن. ئێمە ئیرادەیەکی زۆر رژد دەبینین لەم سەردانەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەنێوانماندا هەیە. بەدڵنیاییەوە هەرێمی کوردستانیش خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، وەکو دراوسێیەکی هەرە گرنگ، وەکو دراوسێیەک کە هەمیشە لە رۆژە سەختەکان یارمەتی هەرێمی کوردستانی داوە. ئەو شتانەش دەبنە هۆی ناکۆکی لەو پەیوەندییەدا، هەست دەکەم لە کۆماری ئیسلامی ئێران و لە هەرێمی کوردستان، ئیرادەیەکی جیددی هەیە بۆ نەهێشتنیان.
هەرێمی کوردستان دەیەوێت بەردەوام بە فاکتەری سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە بمێنێتەوە، ئەوە سیاسەتێکی نەگۆڕی هەرێمی کوردستانە و لەم سیاسەتەشدا بەردەوامدەبێت./.