جام کوردی - شەڕی دەستدرێژیکارانەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی دژ بە ئێران بە دروستکردنی پەککەوتن لە دابینکردنی جیهانیی وزەدا، شەپۆلێک لە بەرزبوونەوەی نرخەکان و دڵەڕاوکێی هەڵئاوسانی بەسەر ئابووریی جیهان و لەوانەش ئەمریکادا سەپاندووە؛ دابەزینی ئەم دواییەی نرخی نەوتی خاویش ئاسۆی کۆنترۆڵکردنی هەڵئاوسانی لە ئەمریکادا باشتر نەکردووە. بە پێی نووسینی پێگەی شیکاریی «ئۆیڵ پرایس»، «تەنانەت پاشەکشەی ئەم دواییەی نرخی نەوتیش ئابووریی ئەمریکا لە هەڵئاوسان ڕزگار ناکات. »
پێگەی هەواڵی- شیکاریی «ئۆیڵ پرایس» لەم
بابەتەدا دەنووسێت: بۆ کۆنترۆڵ و ڕاگرتنی هەڵئاوسان، نابێت لە ئێستادا چاو لە دابەزینی
نرخی نەوت ببڕدرێت و پشتی پێ ببەسترێت. نرخی نەوتی برێنت لە سەرووی ۱۰۰ دۆلارەوە گەیشتووەتە مەودای ۹۰ دۆلار. عەرەبستانی سعوودی لە مانگی ئۆکتۆبەردا
ڕۆژانە ۱۰ ملیۆن و ۵۶۰ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە کە (بە ئیدیعای
ئۆیڵ پرایس) گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێش شەڕ و تەنانەت لە پشکی دیاریکراوی ئەم وڵاتەش
تێپەڕیوە.
لە ئەمریکاش نرخی بەنزین بەم دواییانە گەورەترین
دابەزینی یەکڕۆژەی خۆی لە ماوەی ۱۸ ساڵی ڕابردوودا تۆمار کرد. سەرەڕای ئەوەش، خەمڵاندنەکان
دەریدەخەن کە نرخی بەکاربەر لە مانگی ئۆکتۆبەردا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو
هێشتا بە ڕێژەی لەسەدا چوار زیادی کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکاندا
کەمێک دابەزیوە. تێکڕای هەڵئاوسانی بەکاربەر لە سێپتەمبەردا ۳.۷ لەسەد بوو. هەروەها نرخەکان لەو بەشانەی کە
خۆراک و وزە ناگرنەوە—کە بە «هەڵئاوسانی کڕۆکی» (Core Inflation) دەناسرێت—تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا بە ڕێژەی
۰.۳ لەسەد بەرز بوونەتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا (فیدراڵ
ڕیزێرڤ) لە مانگی دیسەمبەردا ڕێژەی سوود بەرز بکاتەوە، بەڵام بازاڕەکان لە ئێستاوە
ئەم بڕیارەیان لە نرخەکانیاندا ڕەچاو کردووە. ڕێژەی هەڵئاوسانی کڕۆکی لە مانگی ئۆکتۆبەردا
ڕێک گەیشتە ئەو ئاستەی کە کریستۆفەر والر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی فیدراڵ ڕیزێرڤ،
بۆ بەرزکردنەوەی نیو لەسەدیی ڕێژەی سوود دیاریی کردبوو.
بەرزبوونەوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان و وەبەرهێنانی
بەرفراوان لە کەرتی ژیریی دەستکرددا هێشتا پەرە بە هەڵئاوسان دەدەن و هەرزانبوونی
نەوتی خاویش هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هیچیان نییە. تێچووی سەردانی پزیشک، بەخێوکردنی
منداڵان، خواردنی چێشتخانەکان و مانەوە لە هۆتێلەکاندا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە،
و نرخی بیمەی ئۆتۆمبێلیش لە ئۆکتۆبەردا ۰.۷ لەسەد چووهتە سەرەوە. دروستکردنی سەنتەرەکانی
داتا
(Data Centers)،
تێچووی چیپە ئەلیکترۆنییەکان، کەرەستەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و مسیشی بەرز کردووەتەوە
و ئەم بەرزبوونەوەی نرخەش پەڕیوەتەوە بۆ بازاڕی کەلوپەلی ئەلیکترۆنیش. نرخی مۆبایلە
زیرەکەکان لە ئۆکتۆبەردا بە ڕێژەی ۱.۴ لەسەد بەرز بووەوە کە گەورەترین گەشەی مانگانەی
تۆمارکراوە تا ئێستا؛ هاوکات نرخی تەلەڤزیۆنەکانیش ۳.۳ لەسەد زیادی کردووە، ئەوەش لە بوارێکدا کە
بە شێوەیەکی ئاسایی نرخەکانی هەمیشە بەرەو دابەزین دەڕۆن.
تێچووی وزە هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە؛ حەتا
بە هەرزانبوونی نەوتی خاویش
بە پێی نووسینی ئۆیڵ پرایس، پارەی بیمەی مەترسیی
شەڕ، گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییەکان و پاسەوانیی دەریایی (بە ئیدیعای ئەمریکا) لە گەرووی
هورمزدا، بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی کەنداو ۲۰ تا ۳۰ دۆلار تێچووی زیادە دروست دەکات. هاوکات
خستنەڕووی گازۆائیلیش بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا بۆ سەر ڕووسیا هێشتا
سنووردار دەمێنێتەوە؛ ئەو هێرشانەی کە بە ئیدیعای ئۆیڵ پرایس، نزیکەی ۳۰ لەسەدی توانای پاڵاوتنی نەوتی ڕووسیایان لە
خولگەی کارکردن دەرکردووە. نرخی نەوتی خاوی ئەمریکاش (تێکساس ئینتەرمیدیت - WTI) هێشتا نزیکەی ۳۰ دۆلار زیاترە بەراورد بە ساڵێک لەمەوبەر.
جگە لەوەش، سعوودیە بەشێک لە بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی لە مانگی ئۆکتۆبەردا لەبری ئەوەی
بیخاتە بازاڕەوە، لە عەمبارەکاندا پاشەکەوت کردووە.
تێچووی نرخەکانی کارەباش بووەتە مەترسییەکی
نوێ بۆ سەر هەڵئاوسان؛ سەرەڕای ئەوەی کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی نیوەدەورەیی ئەمریکا،
دامەزراوە چاودێرەکانی سەر ئەو بوارەی لە ویلایەتەکانی تێکساس و جۆرجیا گۆڕیوە. جینا
هینۆجۆسا، فەرمانداری هەڵبژێردراوی تێکساس، داوای ڕاگرتنی کاتیی پڕۆژە نوێیەکانی
دروستکردنی سەنتەرەکانی داتای کردووە تا ئەو کاتەی ڕێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بۆ
پاراستنی تۆڕی کارەبا، سەرچاوەکانی ئاو و کۆمەڵگە ناوخۆییەکان. لە جۆرجیاش دیموکراتەکان
لە ئێستادا بە زۆرینەی ۳ بەرامبەر ۲ کۆنترۆڵی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان
گرتووەتە دەست؛ ئەو دامەزراوەیەی کە نرخەکانی کۆمپانیای کارەبای جۆرجیا دیاری دەکات
و پڕۆژەکانی پەرەپێدانی سەنتەرەکانی داتا پەسەند دەکات.
شەڕی سەپێنراوی ئەمریکا دژ بە ئێران هێشتا
دەتوانێت جارێکی دیکە نرخی نەوت بۆ سەرووی ۱۰۰ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز بکاتەوە. وا دیارە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە ئێستادا ئەوەی کە ناوی ناوە «گەمارۆی دەریایی»ی
ئێران، پێ باشتر بووە لە ئەنجامدانی هێرشی نوێ. ئەو ڕۆژی پێنجشەممە (لە درێژەی ئیدیعا
و لێدوانە زێدەڕۆییەکانی خۆیدا) بانگەشەی ئەوەی کرد کە «ئەمریکا چیتر پێویستی بە رێککەوتن
لەگەڵ ئێران نییە!»
ئەم دۆخە تا ئاستێکی زۆر بە مانای بەردەوامیی
دۆخی هەنووکەییە؛ بارودۆخێک کە بە ئیدیعای ئۆیڵ پرایس، بە سەرنجدان بە دابەزینی
نرخەکان لە بازاڕدا، بۆ بەرهەمهێنەرانی نەوتی کەنداو گونجاو دەردەکەوێت.
تاران جەختی کردووەتەوە کە «تەنانەت یەک تۆزقاڵ
لە ماددە پیتێنراوە ئەتۆمییەکان لە خاکی ئێران ناباتە دەرەوە»؛ هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە
نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز زیادی کردووە و دامەزراوەکانی وزە، سەنتەرەکانی
داتا و کێبڵە ژێر دەریاییەکانی وڵاتانی کەنداو لە مەترسیدان. سوپای پاسدارانی شۆڕشی
ئیسلامی بەم دواییانە ڕایگەیاند کە دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کە سیستەمی ڕاداری و شوێندۆزییان
کوژابووەوە و بە نهێنی هەوڵی هاتووچۆیان لە ڕێڕەوی نایاسایی گەرووی هورمز دەدا، بەهۆی
بەرکەوتنیان بە مینی دەریایی تەقیونەتەوە و ئاگریان گرتووە.
بە پێی نووسینی ئۆیڵ پرایس، سەرەڕای ئەمانە،
کۆمپانیای ئارامکۆ، زەبەلاحی نەوتیی سعوودیەش، ڕایگەیاندووە کە شەڕ تاکوو ئێستا
بووەتە هۆی لەدەستچوونی نزیکەی سێ ملیار بەرمیل لە خستنەڕووی نەوت؛ لە ئەنجامدا، تەنانەت
بەرکەوتنی تەنیا یەک گورز لە تێرمیناڵەکانی هەناردەکردنی نەوت لە کەنداو دەتوانێت
تەواوی دابەزینی نرخی نەوت لە پاییزی ئەمساڵدا پووچەڵ بکاتەوە.
ئۆیڵ پرایس لە کۆتاییدا زیادی کردووە: ترەمپیش
بۆ هەنگاوی سەربازی، مەودای مانۆڕی کەمتری لەبەردەستدایە؛ چونکە متمانەی بڕیاری درێژکردنەوەی
دابینکردنی دارایی دەوڵەتی فیدراڵ لە ۱۱ی دیسەمبەر (۲۰ی سەرماوەز)، واتە تەنیا دوو ڕۆژ دوای کۆبوونەوەی
فیدراڵ ڕیزێرڤ، بەسەردەچێت. هەروەها، دیموکراتەکانی سێناتیش بەڵێنیان داوە دژایەتیی
هەر پڕۆژەیاسایەک بکەن کە بودجەی شەڕ دابین بکات.