جام کوردی - سەرۆک کۆماری عێراق هۆشداریی دا کە ئەگەر حکومەت لە کۆنترۆڵکردنی چەک و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سەرکەوتوو نەبێت، مەترسیی داڕمانی سیستەمی سیاسیی وڵات دێتە ئاراوە.

سەرۆک کۆماری عێراق، نزار ئامێدی، هۆشداریی دا لە ئەگەری داڕمانی سیستەمی سیاسیی وڵات، ئەگەر حکومەتی ئێستا لە جێبەجێکردنی دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەت و نەهێشتنی گەندەڵیدا سەرکەوتوو نەبێت. ئامێدی لە چاوپێکەوتنێکدا کە «دەزگای نون» بەدواداچوونی بۆ کردووە، جەختی کردەوە کە "سەرکەوتنی حکومەت لە چارەسەرکردنی ئەم دوو دۆسیەیەدا توخمێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیستەمی سیاسی و بەهێزکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەزگاکانی."

ئەم هۆشدارییانە لە سایەی بەردەوامیی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە دۆسیەی چەکی دەرەوەی چوارچێوەی دەزگا فەرمییەکان، لەپاڵ هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا دێن.