بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شەڕی 12 ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕژیمی زایۆنیستی لێکەوتەی جۆراوجۆری لە سەر گۆڕەپانی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیی ناوچە داگیرکراوەکان هەبووە، کە بەشێکیان بە ئاشکرا بۆ هەمووان دیار بوون و بەشێکی دیکەشیان بە شاراوەیی مانەوە و تێکەڵ بە هەواڵ و ئەو ڕاپۆرتانەوە بوون کە لە لایەن دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی زایۆنیستییەوە بڵاوکرابوونەوە.

لەمبارەیەوە بە پشتبەستن بە پێوەرەکانی نووسینگەی ناوەندی ئاماری ڕژێمی زایۆنیستی و لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانی وەزارەتی دارایی ئەو ڕژێمە، دەرکەوتووە کە بازاڕی کرێی خانووبەرە ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی خێرای نرخ بووەتەوە، هاوکات ژمارەی ئەو شوقەیانەی کە بەردەستن بۆ کرێ مانگانە لە کەمبوونەوەدایە.

نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی کرێی خانوو لە دوای شەڕ لە گەڵ ئێران لە کاتێکدایە کە ململانێکان بووە هۆی دەرکردنی نزیکەی 15 هەزار دانیشتوو لەو شوقەیانەی کە بە پلەی جیاواز زیانیان بەرکەوتووە و ئەم گرووپە ئێستا وەک داواکاری نوێ بۆ بازاڕی خانووبەرەی ناوچە داگیرکراوەکان زیاد کراوە.

لە ئێستادا کرێ نزیکەی چارەکێک لە کۆی پێوەرەکانی نرخی بەکاربەر (سەبەتەی ماڵان) لە ناوچە داگیرکراوەکاندا پێکدەهێنێت و هەربۆیە زیادبوونی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان.

بێکاری لە سایەی شەڕ لە گەڵ ئێران بەرز بووەتەوە

لە درێژەی ئەم دۆخەدا، داتاکانی ڕاپۆرتی نووسینگەی ناوەندی ئاماری ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە ڕێژەی بێکاری بۆ مانگی حوزەیرانی 2025 دەریدەخەن کە لە ماوەی ئەم شەڕەدا 294 هەزار کەس " بە هۆکاری ئابوری بۆ ماوەی تەواوی هەفتەکە لە شوێنی کارەکانیان ئامادەنەبوون "، واتە ئەوان چوونەتە مۆڵەتی بێ مووچەییەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە وەزارەتی دارایی ئەو ڕژێمە خەمڵاندنی ئەوەی کردبوو کە بارودۆخی نائاسایی کە لە ئەنجامی ململانێ لە گەڵ ئێراندا دێتە ئاراوە، تەنیا نزیکەی 100 هەزار کەس بێ ماڵ و حاڵ دەهێڵێتەوە.

لێرەوە ڕێژەی بێکاری لە مانگی حوزەیران گەیشتە 9.2%. ئەم ژمارەیە لە مانگی پێشوودا تەنیا 3.4% بووە، کە دەکاتە نزیکەی 200% زیادبوون. قەرەبووی ئەو بازرگانانەی بە هۆی شەڕەوە ڕاستەوخۆ زیانیان بەرکەوتووە گەیشتووەتە یەک ملیار و 215 ملیۆن دۆلار و پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە لە هەڵسەنگاندنەکانی داهاتوودا زیاد بکات.

هەروەها بە هۆی گێژاوی بازاڕی کار کە بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەوە درووست بووە، ژمارەی کرێکارانی فول تایم لە ناوچە داگیرکراوەکانیش لە مانگی حوزەیران بە ڕێژەی لەسەدا 21 دابەزیوە و لە 3.2 ملیۆنەوە بۆ 2.5 ملیۆن کەس دابەزیوە. ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی تێکڕای کاتژمێرەکانی کارکردن بۆ هەر کارمەندێک لە 36 کاتژمێر لە مانگی ئایاردا بۆ تەنیا 31 کاتژمێر لە مانگی حوزەیران.

لە نێویاندا ئەو ناوچەیەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، کەرتی بیناسازییە، کە لە ساڵی 2023 ەوە بە هۆی نەبوونی مۆڵەت بۆ کرێکارانی فەڵەستینی ڕووبەڕووی کەمیی هێزی کار بووەتەوە و ئێستا ڕێژەی پۆستی کار بە بێ داواکار لەم کەرتەدا گەیشتووەتە نزیکەی 10%. شایانی باسە پێش دەستپێکردنی شەڕ لە گەڵ ئێران ئەم ژمارەیە لە سەدا 6.9 بووە.

هەروەها شەڕی 12 ڕۆژە لە کەرتی میوانداری و خزمەتگوزاری خۆراکدا، شوێنی بەتاڵی هەلی کار بە ڕێژەی یەک خاڵ زیادی کرد و گەیشتە لە سەدا 8.2. بە سەرنجدان بەوەی کە کەرتی بیناسازی لە ئەنجامی شەڕ لە گەڵ ئێران جارێکی دیکە ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی ڕێژەی کرێکاران بووەتەوە، دەتوانرێت پێشبینی بکرێت کە ڕەوتی زیادبوونی کرێ و کەمیی دابینکردنی خانووبەرە لە چەند مانگی داهاتوودا بەردەوام دەبێت. بۆیە بێهۆ نییە کە لە بارودۆخی ئێستادا نزیکەی 90%ی دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکان " خەرجی ژیان " بە گرنگترین پرس لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا دەزانن و دەیانەوێت کابینەکەی نتانیاهۆ بە تایبەتی سەرنجی لە سەر چارەسەرکردنی بێت.

دابەزینی داهاتی پیشەسازی گەشتیاری

کاریگەرییەکی دیکەی شەڕ لە گەڵ ئێران لە دابەزینی نوێبوونەوەی پیشەسازی گەشتیاری ڕژێمی زایۆنیستیدا دەبینرێت. ڕاپۆرتێکی نوێ دەریدەخات لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2024، کەمبوونەوەی بەرچاوی مانەوەی شەوانە لە هۆتێلە گەشتیارییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا هەبووە، کەمبوونەوەیەک کە تاڕادەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەری دەستپێکردنەوەی شەڕی غەززە و چوونە ناو ململانێی سەربازی لە گەڵ ئێراندا بووە.

بەم پێیە تێکڕای ڕێژەی بەکارهێنانی هۆتێلەکان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا ٤٩% بووە، کە کەمبوونەوەی بەرچاوە بە بەراورد بە 62% لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا.

خاڵێکی تایبەت لەم ڕاپۆرتەدا کاریگەریی شەڕی ئێرانە لە سەر پیشەسازی گەشتیاری. وەڵامدانەوەی مووشەکی - فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە هۆی داخستنی ئاسمانی و کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی گەشتیارانی بیانی و هەڵوەشاندنەوەی پشووەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە مانگی حوزەیران، هەروەها ژمارەی مانەوەی هۆتێلەکان بە بەراورد بە حوزەیرانی ٢٠٢٤ بۆ نیوە دابەزی کە کاریگەری نەرێنی لە سەر داهاتی کەرتی تایبەت و گشتی ئەو ڕژێمە هەبووە.

لە ژینگەیەکی وەهادا دۆخی دەروونیی دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکان ئەرێنی نابێت. داتا نوێیەکان کە لە لایەن کۆمەڵەی نیشتمانی قوربانیانی زەبر و زەنگی ئیسرائیلەوە بڵاوکراونەتەوە، دەریانخستووە کە مانگی حوزەیران لە ڕووی دەروونییەوە سەختترین مانگ بووە بۆ زایۆنیستەکان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە تشرینی یەکەمی 2023 و تەنیا لە ماوەی 30 ڕۆژدا زیاتر لە شەش هەزار پەیوەندی بە هێڵی یارمەتییەکانی کۆمەڵەکە کراوە. ئەم ژمارەیە کە دوو هێندەی تێکڕای مانگانەیە، مانگی حوزەیران دەکاتە دووەم سەختترین مانگ لە دوای ئۆکتۆبەری 2023 ەوە. لە ڕاپۆرتی کۆمەڵەکەدا هاتووە کە ڕاست دوای کۆتایی هاتنی شەڕ و دەرچوونی جەستە لە دۆخی نائاسایی، مێشک دەست دەکات بە ناردنی سیگناڵی ناڕەحەتی. هەستکردن بە ئاسایشی ڕێژەیی ڕێگە دەدات ترس و ئازارە سەرکوتکراوەکان دەربکەون و دەبێتە هۆی قەیرانی دەروونی.

دەرکەوتنێکی دیکەی ڕوونی ئەم دۆخە لە زیادبوونی خواستی گەنجانی زایۆنیست بۆ کۆچی پێچەوانە دەبینرێت. لە ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی کۆمەڵەی (ئەلووماە) دەرکەوتووە کە لە سەدا 37 ی ئەو گەنجانەی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا دەژین، مەزەندە دەکەن کە لە ساڵانی داهاتوودا دەچنە دەرەوەی ناوچە داگیرکراوەکان، یان بۆ نیشتەجێبوونی کاتی (لەسەدا 26) یان گواستنەوەی هەمیشەیی (لەسەدا 12).

لە ڕاپۆرتەکەدا دەریدەخات دامەزراندن یەکێکە لەو پرسە سەرەکییانەی کە پەیوەندی بە گەنجانەوە هەیە و لەسەدا 52یان وەک یەکێک لەو سێ پرسەی کە زۆرترین نیگەرانییان بۆ درووستدەکات، ئاماژەیان پێکردووە. لە ڕوانگەی گەنجانی زایۆنیستەوە، ئیتر توانای بەدەستهێنانی ئەو لێهاتووییانەی کە پێویستن بۆ دۆزینەوەی کارێکیان نییە. بۆ نموونە داتاکانی بەدەستهێنانی کارامەیی پێشکەوتووی تەکنۆلۆژیا دەریدەخەن کە تەنیا یەک لە سەر سێی گەنجان متمانەیان بە خۆیان هەیە کە دەتوانن ئەو جۆرە کارامەیییانە بەدەستبهێنن و لەسەدا 23 پێیان وایە کە بە هیچ شێوەیەک لەو کارانەدا سەرکەوتوو نابن.

ئەم پرسە کە لە ڕاپۆرتەکەدا بە " دەرچوونی مێشک " ئاماژەی پێکراوە، نیگەرانی بڕیاردەرانی ڕژێمی زایۆنیستی لێکەوتووەتەوە. بەشێک لەم دۆخە بە هۆی ئەو ئاڵۆزییە بەردەوامانەی کە کۆمەڵگەی زایۆنیستی خۆی تێوەگلاوە بینیوە، ناوبەناو ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی فڕۆکەخانەی بن گوریۆن، ڕاگرتنی خشتەی فڕۆکەوانی بیانی و زاڵبوونی سیاسەتی سەربازی بە سەر ڕێبازە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکاندا لە ماوەی 22 مانگی ڕابردوودا هۆکاری ئەم کێشەیەن و پێناچێت ڕژێمی زایۆنیستی بتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا بە سەر ئەو کێشانەدا زاڵ بێت./.