ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، جارێکی دیکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی ئۆرۆگوای دانی بەوەدانا کە ئێران بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا نییە.

لە وەڵامی پەیامنێرێکی ڕۆژنامەی elobservador کە پرسیاری ئەوەی کرد «بە دەستێوەردانی سەربازیی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئایا ئێران چیتر هەڕەشەی ئەتۆمی نییە یان هێشتا هەڕەشەیە؟» گرۆسی وتی: دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاڵۆزە، ئەمە ساڵانێکە بەردەوامە، هەر بەو هۆیەشەوە نامەوێ بڵێم کارێکی باش بوو یان شتێکی خراپ، بەڵام ئەوە گەیشتە ئەو ئاستەی کە سەرەتا ئیسرائیل و دواتر ئەمریکا بڕیاریدا هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، بێ ئەوەی ئەم هێرشە نایاساییانە ئیدانە بکات، وتی: واقیعەکە ئەوەیە کە ئەم هێرشانە زیانێکی زۆر قورسیان بە ژێرخانی ئەتۆمی ئێران گەیاندووە؛ بەجۆرێک کە لە تێڕوانینێکی ڕووکەشدا ڕەنگە وا بیر بکەینەوە کە توانای ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی زۆر کەم بووەتەوە یان لەناوچووە، بەڵام دەبێت بڵێین هەریەکە لەم توانا تەکنیکیانە دەکرێت دووبارە دروست بکرێنەوە. ئەمە تەکنەلۆژیایەک نییە کە ئێران ئاگاداری نەبێت یان نەتوانێت دووبارە دروستی بکاتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێویستە جەخت لەوە بکەمەوە کە ئێران لە ئێستادا بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا نییە، ئەوەی ڕوودەدات ئەوەیە کە ئێران پەرە بە تەکنەلۆژیای زۆر پێشکەوتوو دەدات و بە شێوەیەکی بەردەوام کۆگاکانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو زیاد دەکات.

 هەموو ئەمانە کاریگەری و دەرئەنجامی هەیە؛ وڵاتانی دیکەش دەپرسن «ئەمە بۆ چییە؟»، «ئامانجی کۆتایی چییە؟».

لە کۆتاییدا وتی: هەر بۆیە چاودێری و پشتڕاستکردنەوە هەیە، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هیچ شتێکی نادروست ڕوونادات.

بانگەشەکانی گرۆسی سەبارەت بە یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو سەرەڕای ئەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە بەدوای دروستکردنی چەکدا نییە و دامەزراوە ئێرانییەکان لەژێر پشکنینی ئاژانسدان.