جام کوردی- لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەی واشنتن پۆست کە پشت بە وێنەی مانگە دەستکردەکان دەبەستێت، باس لەوە دەکات کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران لە سەرەتای جەنگەوە زیانیان بە لانیکەم 228 باڵەخانە و کەرەستەی سەربازیی ئەمریکا لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیاندووە. ئەم ئامارەش زۆر لەوە زیاترە کە حکومەتی ئەمریکا بە فەرمی دانی پێدا ناوە.
بەگوێرەی شیکاریی وێنەکان، هێرشەکان گۆڕەپانی فڕۆکەکان، شوێنی نیشتەجێبوونی سەربازان، کۆگاکانی سووتەمەنی، فڕۆکە جەنگییەکان و سیستمە هەستیارەکانی رادار و بەرگریی ئاسمانییان پێکاوە. مەترسیی ئەم هێرشانە وای کردووە هەندێک لە بنکەکانی ئەمریکا هێندە مەترسیدار بن کە فەرماندەکان ناچار بوون زۆربەی کارمەندەکانیان لەو شوێنانە دووربخەنەوە
لە رووی زیانە گیانییەکانەوە، تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان، 7 سەربازی ئەمریکی کوژراون - شەشیان لە کوێت و یەکێکیان لە سعودیە - و زیاتر لە 400 سەربازی دیکەش بریندار بوون، کە باری تەندروستیی 12 کەسیان بە “سەخت” ناوبراوە.
واشنتن پۆست ئاماژە بەوە دەکات کە بەدەستهێنانی وێنەی مانگە دەستکردەکان لە ناوچەکە لەم کاتەدا زۆر قورس بووە، چونکە دوو گەورەترین کۆمپانیای دابینکاری وێنە، بڵاوکردنەوەی وێنەکانی ناوچەکەیان سنووردار کردووە یان دواخستووە.
لە بەرامبەردا، ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بە بەردەوامی وێنەی کواڵیتی بەرز بڵاودەکەنەوە کە زیانی بنکە ئەمریکییەکانیان نیشان دەدات. واشنتن پۆست 109 لەو وێنە ئێرانییانەی بەراورد کردووە و دەرکەوتووە کە وێنەکان راستین و دەستکاری نەکراون.
مارک کانسیان، ژەنەڕاڵی خانەنشینی مارێنز و راوێژکاری باڵا لە ناوەندی ستراتیژی و توێژینەوەی نێودەوڵەتی، دوای بینینی وێنەکان رایگەیاندووە، “هێرشە ئێرانییەکان زۆر ورد بوون. هیچ چاڵێکی هەڕەمەکی نابینرێ کە نیشانەی نەپێکانی ئامانجەکان بێت.” بەشێک لە شارەزایان دەڵێن، وا دیارە سوپای ئەمریکا توانای ئێران و زانیارییە هەواڵگرییەکانی بە کەم خەمڵاندووە.
کێلی گریکۆ، پسپۆڕ لە پەیمانگەی ستیمسن، پێیوایە واشنتن وای دەزانی دەتوانێت بە خێرایی توانای مووشەکی و درۆنی ئێران لەناو ببات، بەڵام رەچاوی “قووڵایی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئێران”ی نەکردبوو لەسەر شوێنە جێگیرەکانی ئەمریکا.
لێکۆڵینەوەکە دەری دەخات کە زیاتر لە نیوەی وێرانکارییەکان لەم چوار شوێنەدا بوون:
1- بارەگای فەرماندەیی فەوجی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەحرێن.
2- بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم لە کوێت.
3- بنکەی عەریفجان لە کوێت.
4- بنکەی بوهرینگ لە کوێت.
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەحرێن و کوێت زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، چونکە رێگەیان داوە لە خاکەکەیانەوە هێرش بکرێتە سەر ئێران، بەتایبەتی بەکارهێنانی سیستمی مووشەکیی هیمارز.
یەکێکی دیکە لە کێشە گەورەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگەکەدا، کەمیی مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکانە. بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا لە نێوان 28ی شوبات تاوەکو 8ی نیسان، سوپای ئەمریکا لانیکەم 190 مووشەکی سیستمی “تاد” و 1,060 مووشەکی “پاتریۆت”ی بەکارهێناوە، کە بەشێکی زۆری یەدەگی پێش جەنگی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئامادە نەبوو وردەکاریی زیاتر لەسەر ئەم راپۆرتە بدات، بەڵام گوتەبێژێکی سەربازی رایگەیاند کە دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە، دەتوانرێ وێنەیەکی روونتر لەبارەی هێرشەکانی ئێران بخرێتەڕوو