بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە پشتبەستن بە داتای ڕادارەکان کە ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی دەستی کەوتووە، مووشەکەکانی ئێران لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەی ئەم دواییەدا، ڕاستەوخۆ 5 دامەزراوەی سەربازییان لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کردە ئامانج.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی یاسا توندەکانی سانسۆری سەربازییەوە ئەنجامی ئەو هێرشانەی ئاشکرا نەکردووە.
دوایین ئەنجامەکان بە پشتبەستن بە داتای زانکۆیەکی ئەمریکی لە ئۆرگان کە تایبەتە بە بەکارهێنانی داتای ڕاداری مانگی دەستکرد بۆ دیاریکردنی زیانەکانی بۆمبەکان لە ناوچە جەنگییەکان، لە گەڵ ڕۆژنامەی تەلەگرافدا بڵاوکرایەوە.
ئەم داتایانە دەریدەخەن کە 5 دامەزراوەی سەربازیی ڕژێمی زایۆنیستی لە باکور و باشور و ناوەندی ناوچە داگیرکراوەکان کە بریتین لە بنکەیەکی ئاسمانی گەورە و ناوەندێکی کۆکردنەوەی هەواڵگری و بنکەیەکی لۆجستی، بە شەش مووشەکی ئێران بۆردومان کراون.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هێرشانە جگە لە 36 هێرشی دیکە کە پێشتر دەستنیشانکرابوون کە چوونەتە ناو سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕژێمی زایۆنیستی و زیانێکی بەرچاویان بە ژێرخانی نیشتەجێبوون و پیشەسازی گەیاندووە.
شیکارییەکانی ڕۆژنامەی تەلەگراف هەروەها دەریدەخەن کە لە کاتێکدا بەرپرسانی زایۆنیست بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زۆربەی مووشەکەکانی ئێران خراونەتەخوارەوە، بەڵام ڕێژەی ئەو مووشەکانەی ئێران کە ئامانجەکانیان پێکاوە، لە هەشت ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا بە شێوەیەکی بەردەوام زیادی کردووە.
هەرچەندە شارەزایان هۆکارێکی دیاریکراوی ئەم دۆخەیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام دانیان بەوەدا ناوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم کارە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ باشترکردنی تاکتیکی شەڕکردنی ئێران و بەکارهێنانی مووشەکی پێشکەوتووتر.
ڕۆژنامەکە زیاتر ڕوونی کردووەتەوە کە هەرچەندە گومەزەی ئاسنین بە ناسراوترین سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕژێمی زایۆنیستی دادەنرێت، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ پاراستن لە مووشەکی کورت مەودای وەک هاوەن درووستکراوە.
خاڵێکی گرنگی دیکە لە ڕوانگەی نووسەرەوە ئەوەیە کە سیستەمی بەرگری ڕژێمی زایۆنیستی لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەدا لە لایەن دوو سیستەمی بەرگریی مووشەکی زەمینی و ڕێگریکەری ئەمریکی تاد کە لە کەشتییەکی ئەمریکیدا لە دەریای سوور جێگیر بوون، پشتیوانییان لێکرا.
ڕاڤیۆ دراکەر، پەیامنێری تۆڕی تەلەفزیۆنی کەناڵی 13 ی ڕژێمی زایۆنیستی هەفتەی ڕابردووش دانی بەوەدانا: " زۆر مووشەکی [ئێرانی] کەوتوونەتە سەر بنکە و شوێنە ستراتیژییەکانی سوپای ئیسرائیل کە تا ئەمڕۆش ڕاپۆرتمان لە سەر نەداوە. ئەمەش وایکردووە خەڵک نەزانن ئێرانییەکان چەندە ورد بوون و چەندە زیانیان لە زۆر شوێن گەیاندووە ".
ڕۆژنامەی تەلەگراف هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی ئێران پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ڕێگای سەرەکی بۆ چوونە ناو بەرگرییە ئاسمانییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، بەکارهێنانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە یەک کاتدا بۆ تێکەڵکردنی سیستەمی بەرگرییە./.