جام کوردی - لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانەکانی جنێڤ، ترەمپ لە کەناڵی فۆکس
نیوز هەڕەشەی لە ئێران و گەرووی هورمز و تەنانەت وەفدی دانوستانکاری ئێرانیش کرد. ئەم
دووانەیە جێی پرسیارە: ئەگەر ئەمریکا هێشتا باوەڕی بە کاریگەریی بژاردەی سەربازی هەیە،
بۆچی لەسەر مێزی دانوستان دانیشتووە؟ دەبێت وەڵامەکەی لە بۆشایی نێوان "گێڕانەوەی
سەرکەوتن" و "واقیعی مەیدان"دا بگەڕێین.
لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانە چوارقۆڵییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا، قەتەر و پاکستان لە جنێڤ، دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز پەنای بۆ زمانی هەڕەشە و تۆقاندن برد. ناوبراو لە کاتی هۆشداریدان لە بارەی گەرووی هورمز، هەڕەشەی هێرشی نوێ لە ئێران کرد، لێدوانی لە دەرەوەی نۆرمەکانی دیپلۆماسی سەبارەت بە گەڕانەوەی تیمی دانوستانکاری ئێرانی دا و تەنانەت لە وتارێکی بێوێنەدا بە هێرشی زارەکی سەرۆک کۆماری ئێرانی کردە ئامانج. ئەم ڕێکەوتە پرسیارێکی گرنگ بۆ شرۆڤەکاران دروست دەکات: ئەگەر ئەمریکا هێشتا متمانەی بە توانای خۆی هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە ڕێگەی فشار و هەڕەشەوە، بۆچی لە جنێڤ لەسەر مێزی دانوستان دانیشتووە؟
دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە لە بۆشایی نێوان "گێڕانەوەی سەرکەوتن" و "واقیعی سەر زەوی"دا بگەڕێین.
کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٣٠ی ئازاری ساڵی ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەشیان لە دژی ئێران دەستپێکرد، ئەوان تەنیا بە دوای زیانگەیاندنی سەربازیدا نەبوون. چەندین بەڵگە و هەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکان دەریانخست کە حیساباتی سەرەتایی لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیە بووە کە زنجیرەیەک لێدانی هاوکات بۆ سەر پێکهاتەی سیاسی فەرماندەیی سەربازیی ئێران، تواناکانی بەرگری و ژێرخانی ستراتیژی دەتوانێت تاران ناچار بکات لە ماوەیەکی کورتدا داواکارییە سیاسییەکانی واشنتۆن قبوڵ بکات. بەڵگەی زۆر هەیە کە خەمڵاندنەکەی ئەمریکا لەوەش زیاتر ڕۆیشتووە و بە تەواوی هیوایان بە دروستکردنی ناسەقامگیرییەکی بەرفراوان یان داڕمانی پێکهاتەی بڕیاردان لە ئێراندا هەبووە.
بەڵام پێشهاتەکانی مانگەکانی دواتر دەریانخست کە کەلێنێکی بەرچاو لە نێوان ئامانجە سەرەتاییەکان و ئەنجامە ڕاستەقینەکاندا هەبووە. نە قەوارەی سیاسی ئێران داڕما، نە سیستەمی بڕیاردانی ئێران تێکچوو، نە دەسەڵات و توانای ئێران بۆ وەڵامدانەوەی نەما، تاران لە هەڵوێستە سەرەتاییەکانی خۆی لەمەڕ پرسە ستراتیژییەکان پاشەکشەی نەکرد. لە هەمووی گرنگتر، ئەمریکا وردە وردە تێگەیشت کە تەنانەت هەبوونی باڵادەستی ئاسمانی ڕەها و بەرفراوانترین توانای سەربازی لە جیهاندا مەرج نییە بە مانای توانای سەپاندنی ئیرادەی سیاسی بەسەر ئێراندا بێت.
لەم جۆرە هەلومەرجەدا گەڕانەوە بۆ سەر ڕێبازی دانوستانەکان زیاتر نیشانەی قبوڵکردنی سنووردارکردنی بژاردەی سەربازی و پاشەکشەی ڕوونە لە هەڵوێستەکانی پێشووتر نەک بەرهەمی گەیشتن بە ئامانجەکانی جەنگ. لە ئەدەبیاتی ستراتیژیدا، چوونە ناو دانوستانەوە کاتێک ڕوودەدات کە بڕیاردەران بەو ئەنجامە بگەن کە بەردەوامبوون لەسەر ڕێگای پێشوو تێچووی زیاتری دەبێت لە دەستکەوتە ئەگەرییەکانی. بە واتایەکی تر، ئەگەر واشنتۆن بەڕاستی باوەڕی وابوو کە دەتوانێت بە چەند قۆناغێکی تری گوشار زیاتر بگاتە ئەوپەڕی ئامانجەکانی، ئەوە لۆژیکیتر دەبوو درێژەدان بە ڕێگای سەربازی، نەک پەنا بۆ ئاگر و ئاو ببات بۆ دامەزراندنی مێزی جنێڤ.
لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە لێدوانەکانی ئەم دواییەی ترەمپ لە چوارچێوەی “بەڕێوەبردنی تێڕوانین دوای شکست”دا شیبکرێنەوە. ڕووبەڕووی تەحەدای سیاسی جددی دەبێتەوە؛ چۆن مرۆڤ دوای چوونە ناو شەڕێکەوە بە ئامانجە گەورەکانەوە، بەبێ ئەوەی ئەو ئامانجانە بەدەستبهێنێت، بچێتە ناو دانوستانەکانەوە و هێشتا وێنەی براوەیەک بپارێزێت؟
وەڵامی ترەمپ بۆ ئەم تەحەدایە، بنیاتنانی گێڕانەوەیە. هەوڵدەدات دانوستانەکان نەک لە ئەنجامی سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئەمریکا، بەڵکو وەک بەرهەمی پێشبینیکردنی دەسەڵاتی ئەمریکا بخاتەڕوو. لەم چوارچێوەیەدا پێویستە لە هەڕەشە دووبارەبووەکان و زمانی سووکایەتیپێکردن و نیشاندانی بەردەوامی ئامادەیی بۆ کردەوەی سەربازی تێبگەین. ئامانجی سەرەکی ئەم لێدوانانە، لەبری گۆڕینی حیساباتی تاران، بەڕێوەبردنی ڕای گشتی ئەمریکا و دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانە ناوچەییەکان و ڕێگریکردنە لە دروستبوونی وێنەیەک لە شکستی ستراتیژی واشنتۆن.
واقیعەکە ئەوەیە کە لە بارودۆخی ئێستادا، گرنگترین گۆڕەپانی کێبڕکێ، ئیتر گۆڕەپانی سەربازی نییە؛ گۆڕەپانی گێڕانەوەکانە. گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ دانوستانەکان دوای شکستهێنان لە گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان بە ئامرازە سەربازییەکان بە ڕوونی نیشانەی شکستی ئامانجەکانی واشنتۆنە و ئاماژەیە بۆ هەڵەیەکی ستراتیژی لەلایەن ترەمپ و تیمەکەی کۆشکی سپی. هەربۆیە ترامپ کە لەژێر توندترین فشاری سیاسی و میدیایی ناوخۆییدایە، هەوڵدەدات هەمان ڕووداو وەک دەرئەنجامی سەرکەوتنی فشارەکانی نیشان بدات.
ڕەنگە گرنگترین خاڵ لە شیکردنەوەی ڕەفتاری ترەمپدا ئەوە بێت کە جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان قسەکانی و ڕەفتارەکانیدا هەیە. قسەکانی هێشتا لەسەر بنەمای هەڕەشە و نمایشکردنی دەسەڵاتە، بەڵام هەڵسوکەوتی کردەیی ئەو ئەمڕۆ لە جنێڤ و لەسەر مێزی دانوستان پێناسە کراوە. لە شیکاری ستراتیژیدا، بە گشتی ڕەفتاری ئەکتەرەکان زیاتر لە لێدوانەکانیان ئاشکراترە. دانوستانەکان کاتێک دەست پێدەکەن کە ئامرازەکانی تر نەیانتوانیبێت بە ئامانجە چاوەڕوانکراوەکان یان تێچووی گەیشتن بەو ئامانجانە زۆر زیادی کردبێت.
بەم پێیە نابێت هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ترامپ وەک نیشانەی متمانە بەخۆبوونی کەسێکی سەرکەوتوو سەیر بکرێت، بەڵکو وەک بەشێک لە هەوڵێک بۆ پاراستنی گێڕانەوەی سەرکەوتن لە دۆخێکدا کە واقیعەکانی مەیدان وای لێکردووە ڕێبازی دانوستان قبوڵ بکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە تا مەودای نێوان ئامانجە سەرەتاییەکانی شەڕ و ئەنجامە کۆتاییەکان زیاتر بێت، پێویستی پیشاندانی دەسەڵات و بەرهەمهێنانی گێڕانەوەی سەرکەوتن زیاتر دەبێت.