جام کوردی - ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا کە لێکۆڵینەوە لە دەرئەنجامەکانی ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا دەکات، بنیامین ناتانیاهۆی بە گەورەترین دۆڕاوی ڕێککەوتنەکە وەسف کردووە.

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە: بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گەورەترین دۆڕاوی ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکایە. ڕەنگە دەرئەنجامەکانی ئەم ڕێککەوتنە نەک تەنها کاریگەری لەسەر داهاتووی سیاسی نەتانیاهۆ هەبێت بەڵکو کۆتایی بە پشتیوانی بێ مەرجی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ناتانیاهۆ کە ئاگری لە ناوچەکە بەرداوە، لەسەر بنەمای یەک پرەنسیپ مامەڵە لەگەڵ کێشە ناوچەییەکان دەکات لە غەززەوە تا لوبنان تا ئێران، ئەویش توندوتیژی بێسنوور و نایاسایی و خراپترکردنی دۆخەکە.

ڕاپۆرتەکە بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە: ئەمە بە پەرەسەندنی شەڕی دژی ئێران گەیشتە لوتکە، بەڵام ئەم شەڕە بە نەگەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکانی: ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران یان لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی کۆتایی هات. ئیسرائیل باجی ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ ئەم شەڕە دژی ئێران دەدات، چونکە کۆشکی سپی و بەشێکی زۆری بیروڕای گشتی ئەمریکا، کابینەی ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانن لە دەستپێکردنی شەڕێک کە بەڵێنی پووچی لەگەڵدا بوو.