جام کوردی - خولی پێنجەمی دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ڕژێمی ئیسرائیل لە واشنتۆن سەرەڕای کەشێکی ئەرێنی، بە بێ ڕێککەوتن کۆتایی هات، ئەمەش بەهۆی ناکۆکی لەسەر شێواز و ڕادەی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان.
ئاژانسی هەواڵی نیشتمانی لوبنان بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو، بڵاویکردەوە، دووەم ڕۆژی پێنجەمین خولی دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ڕژێمی ئیسرائیل لە واشنتۆن کۆتایی هات.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، هیچ لێدوان و هەڵوێستێکی فەرمی لەلایەن لوبنان و ئەمریکاوە سەبارەت بەو پرسانەی باسکراون و یان ئەو ڕێککەوتنانە دەرنەچووە.
لەبەرامبەردا تۆڕی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە سەرچاوەی بێناو، بڵاوی کردەوە کە سەرەڕای ئەو کەشوهەوای ئەرێنییەی لە دانوستانەکانی نێوان هەردوولادا زاڵە، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە.
میدیا ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەردوولا پلانیان ئاڵوگۆڕ کردووە، لەوانە دیارترین ناکۆکی لەسەر خێرایی کشانەوەکە و ئەو ناوچانەی کە سوپای ئیسرائیل لێی دەکشێتەوە.
بەگوێرەی ڕای ئەلیوم، سەرچاوەکان پێشبینیان کردووە کە ڕژێمی ئیسرائیل بەشێوەیەکی سنووردار لە هەندێک ناوچە بکشێتەوە، بەڵام کشانەوەیەکی تەواو لە باشووری لوبنان ڕوونادات.