بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر مورادی بە ئاماژەدان بە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی نۆک لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە وتی: "ئەم سنووردارکردنە جگە لەوەی زیانی بە جووتیاران گەیاندووە، کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی هەناردەکردنی ئێرانیش هەبووە و ئەنجومەنی نیشتمانیی نۆک بە درێژایی ئەم ماوەیە بەدواداچوونی بۆ هەڵوەشاندنەوەکەی کردووە".

ناوبراو زیادی کرد: دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی جیهادی کشتوکاڵ، ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی و کۆمیسیۆنی کشتوکاڵی ژووری بازرگانی ئێران، وەزارەتی کشتوکاڵی جیهاد ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی، لە هەڵگرتنی قەدەغەی هەناردەکردن ئاگادار کردووەتەوە و تەنیا ئاگادارکردنەوەی کۆتایی بۆ گومرگی وڵات ماوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی نۆک بە ئاماژە بە گرنگی بازاڕی عێراق بۆ هەناردەکردنی ئەم بەرهەمە، وتی: پێش ئەوەی قەدەغە بکرێت، بەشێکی بەرچاو لە نۆکی ئێران هەناردەی عێراق، ئەفغانستان، پاکستان و ئۆزبەکستان دەکرا و ئێستاش لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، دەکرێت ئەو بازاڕانە ببوژێنرێتەوە و بازاڕی نوێ پەرەپێبدرێت.

مورادی دابەزینی نرخی نۆکی دوای قەدەغەکردنی هەناردەکردن، بە یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی ئەم بڕیارە زانی و وتی: نرخی یەک کیلۆ نۆک کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٢٢٠ هەزار تمەن بوو، ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی ١٢٠ بۆ ١٤٠ هەزار تمەن و ئەمەش زیانێکی بەرچاوی بە جووتیاران گەیاندووە.

ناوبراو زیادیشی کرد که؛ بەشێکی بەرچاو له بەرهەمی ساڵی ڕابردوو له کۆگاکانی جووتیاراندا ماوەتەوە و دەشڵێت: بە سەڕنجدان بە دەستپێکردنی وەرزی دروێنەکردن و پێشبینی زیادبوونی نزیکەی 20% بەرهەمی نۆک لە ئەمساڵدا، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لەم کاتەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

بە وتەی سەرۆکی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵی ژووری بازرگانی کرماشان، ئێران ساڵانە زیاتر لە پێداویستی ناوخۆیی نۆک بەرهەم دەهێنێت و ئەو بەرهەمە زیادەیەش دەبێ ڕێگەی خۆی بۆ بازاڕەکانی هەناردەکردن بدۆزێتەوە؛ پرسێک کە جگە لە بەدەستهێنانی دراوی بیانی، یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی داهاتی جووتیاران و فراوانکردنی چاندنی ئەم بەرهەمە.