بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ساڵانێک سنووری خوسرەوی بە یەکێک لە سنوورە وشکانییە کۆن و تەیارەکان لە ئێراندا ناسراوە؛ سنوورێک کە سەرەڕای توانا بەرفراوانەکانی، هەندێکجار کەمتر لە توانای ڕاستەقینەی بەکاردەهێنرا.

بەڵام ئەربەعینی ئەمساڵ نیشانی دا کە وەبەرهێنان لە ژێرخانی وەستانی ئۆتۆمبێل و گواستنەوە تا ئاو و ئاوەڕۆ و خزمەتگوزاری شارەوانی و هتد گەیشتووەتە قۆناغی سوودوەرگرتن.

ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای دەوڵەت و جەختکردنەوەیان لەسەر ئەوەی کە خوسرەوی دەتوانێت مۆدێلێک بێت بۆ سنوورەکانی دیکەی ئەربەعین، تەنیا پێناسەیەکی ڕێوڕەسمی نەبوو؛ بەڵکو ڕەنگدانەوەی چاودێری مەیدانی بوو لە ڕێکخستن و خێرایی خزمەتگوزارییەکان و ئامادەیی ژێرخانی ئەم سنوورە.

هاوشانی سنووری خوسرەوی، سۆمار گرنگترین ڕووداوی ئەربەعین ساڵی 1405بوو، سنوورەکە کە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو زیاتر بە بەرگریی پیرۆز ناسرابوو، ئێستا یەکەم ئەزموونی میوانداریکردنی زیارەتکارانی ئەربەعینی لە خۆ گرتووە.

سروشتییە کە سۆمار هێشتا بەراورد نەکرێت بە خوسرەوی؛ بەڵام بنەمای ئەم سنوورە بۆ چوونە ناو سووڕی هاتووچۆ، توانایەکی نوێی بۆ دابەشکردنی باری گەشت و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و زیادکردنی هەڵبژاردنی زیارەتکارنی دروستکردووە.

ئەزموونی ئەمساڵ دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ پلاندانانی وردتر بۆ ساڵانی داهاتوو. بەڵام ئەربەعین بۆ کرماشان تەنیا ڕووداوێکی ئایینی نییە؛ دەرفەتێکی گەشەپێدانە.

هەر ژێرخانێک کە بۆ زیارەتکاران دروست بکرێت، دەتوانێت لە ماوەی ساڵدا خزمەت بە ئابووری پارێزگاکە بکات. ڕێگاوبان، پارکینگ، پاسی گواستنەوە، ئاو و ئاوەڕۆ، پەیوەندییەکان، خزمەتگوزاری شارەوانی و تەنانەت پەرەپێدانی فڕۆکەخانەکان هەموو ئەو وەبەرهێنانانەن کە تەنها لە چەند ڕۆژێکی ئەربەعیندا سنووردار نین.

لە لایەکی دیکەوە گرێدانی ئەربەعین بە پڕۆژەیەکی گەورەتر وەک پەیوەندی هێڵی ئاسنی کرماشان–خوسرەوی–بەغدا مانایەکی نوێ بەم ڕێگایە دەبەخشێت.

ئەگەر ئەم پلانە تەواو بێت، چیتر سنووری خوسرەوی تەنیا دەروازی هاتووچۆی زیارەتکاران نییە؛ بەڵکوو دەکرێت ببێتە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی گواستنەوە و بازرگانی و ترانزێت لە نێوان ئێران و عێراقدا؛ پرسێک کە کاریگەرییەکانی زۆر لە ڕۆژانی ئەربەعین زیاتر دەبێت.

بێگومان نابێت چاوپۆشی لە تەحەدداکان بکرێت. پاراستنی کوالیتی خزمەتگوزاریەکان بە زیادکردنی ژمارەی زیارەتکاران، پەرەپێدانی ژێرخانی سۆمار، تەواوکردنی هێڵی ئاسن، زیادکردنی توانای گواستنەوەی گشتی، دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و ناوەندی خزمەتگوزاری، لە هەمووی گرنگتر گۆڕینی شارەکانی سەر ڕێگاکە بۆ شوێنی گەشتیاری و زیارەت، ڕێوشوێنێکن کە هێشتا پێویستە بە جددی پەیڕەو بکرێن.

ئەگەر سەرنجی بەڕێوەبەران تەنها لەسەر بەڕێوەبردنی چەند ڕۆژی ئەربەعیندا سنووردار بێت، بەشێکی بەرچاو لەم دەرفەتە لەدەست دەچێت!

ئەربەعین 1405 دەریخست کە کرماشان ئیتر تەنیا پارێزگایەکی ترانزێتی نییە. ئەمڕۆ پارێزگاکە پێگەی خۆی وەک یەکێک لە میحوەرە سەرەکییەکانی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق دادەمەزرێنێت؛ هەڵوێستێک کە ئەگەر پلانی درێژخایەن و وەبەرهێنانی بەردەوام و دیپلۆماسی ئابووری لەگەڵیدا بێت، دەتوانێت نەک تەنها لە ساڵانی داهاتوودا خزمەت بە زیارەتکاران بکات، بەڵکو لە ساڵانی داهاتوودا خزمەت بە بازرگانی و گەشتیاری و گەشەپێدانی بەردەوامی ڕۆژئاوای وڵاتیش دەکات.

تایبەت بە جام کوردی