بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێکەوتنی هێڵی ئاسنی ڕەشت – ئاستارا کە بە شێوازی ئۆنلاین بە بەشداری هەر دوو سەرۆک کۆماری ئێران و ڕووسیا بەڕێوەچوو، وتی: بێگومان ئەم ڕێکەوتنە هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا، هەر دوو وڵات لە زۆر بواردا هاوکارییان پێکەوە هەیە و ئەمەش یەکێکی دیکە لە نموونەکانی هاوکارییەکانیانە کە ئەمڕۆ واژۆ لە سەر ڕێکەوتنەکەی کراوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: تەنیا ئێران و ڕووسیا نین کە دەتوانن لە کردنەوەی ئەم هێڵە ئاسنە سوود وەربگرن، بەڵکوو ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە سەر ڕێگای هێڵی ئاسنی باکور – باشور، سوودی لێوەردەگرن، ئەم ڕێگایە لە ئاسیای ڕۆژهەڵات و باشورەوە تا قەفقاز و باکوری ئەورووپا، نموونەیەکە لە دۆستایەتی، پێکەوەبوون، هاوکاری ئابوری و بازرگانیی نێوان وڵاتان و ئەم هاوکارییەش زیاتر لە ڕابردوو دەبێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: دانوستانی تایبەت بە کردنەوەی ئەم هێڵە ئاسنە بۆ دوو دەیەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە کە بە چەند هۆکارێک دواخرابوو، بەڵام ئەمڕۆ بە ئیرادەی نێوان بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات ئەم کارە گەورەیە دەکرێت و بە دڵنیاییەوە هاوکاری بەرچاوی بازرگانی، ئابوری و ترازنێتی ناوچەکە دەکات./.