جام کوردی - ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی پڕوپاگەندەی میدیایی و تۆمەتبارکردنی بێبنەما دژی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: «لە دۆسیەی بەناوبانگی «سەلاجەکان» لە فەڕەنساوە تا بانگەشەی تیرۆرکردنی بەرپرسانی ئەمریکایی، ڕووبەڕووی چیرۆکسازییەکی خراپەکارانە و ڕێکخراو لەلایەن دەزگای میدیایی و جەنگی دەروونیی ڕژێمی ئیسڕائیل دەبینەوە؛ هەڵمەتێک کە هەوڵ دەدات ئێران نەک تەنها وەک هەڕەشەیەک بۆ حکومەتە ڕۆژئاواییەکان، بەڵکو وەک دوژمنی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی ئاسایی پیشان بدات.»
بەقای لەبارەی ئامانجی ئەم هەڵمەتی میدیاییەوە وتی: «کاتێک ڕای گشتیی ئەمریکا و ئەورووپا لەگەڵ جەنگخوازیی سەرکردەکانیان هاوڕا نین، دەبێت بە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ترس و تۆقاندن، ئەوان بەرەو پشتیوانیکردن لە جەنگ پاڵ پێوە بنرێن و سەرکێشیی سیاسی و سەربازییەکانیان لە ژێر ناوی بەرگریکردن لە ئەمنیەتی هاووڵاتیان پاساو بدرێتەوە؛ هەروەها، بە دروستکردنی ترس لە هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر بەرپرسانی ئەمریکایی، جەنگ بکەنە بابەتێکی کەسی بۆیان.»
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە: «ئەمریکا و ئیسڕائیل لە هێرشەکەیان بۆ سەر ئێراندا، بە تیرۆرکردنی بەرپرسان و ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی ئاسایی، تیرۆری دەوڵەتییان بە ڕووتترین شێوە پیشان دا. بەڵام ئێران بە بەرخۆدان و بەرگریی ڕەوای خۆی وەڵامی توندی داوەتەوە و دەیداتەوە؛ نە پێویستی بە لاساییکردنەوەی دوژمنەکانی هەیە و نە ئارەزووی تێکدانی ژیانی هاووڵاتیانی ئاسایی، کە خۆیان قوربانی بڕیارە هەڵەکانی سەرکردە بێبەرپرسیارەکانی خۆیانن.»
بەقایی بە ئاماژە بە دۆخی بەرپرسانی ئەمریکایی، نووسی: «هەڵاتن و خۆشاردنەوەی بەرپرسانی ئەمریکایی لە شوێنی شاراوەی سەربازی، لە کاتێکدا تا دوێنێ بانگەشەی سەرکەوتن لە جەنگیان دەکرد، بۆ ڕاکێشانی بەزەیی ئەو خەڵکەیە کە لە درۆکانی سەرکردەکانیان و گۆڕینی حکومەتی ئەمریکا بۆ جێبەجێکاریی یەکەمەکانی ڕژێمی ئیسڕائیل تووڕەن.»
لە کۆتاییدا، جەختی کردەوە: «داڕمانی دەروونی و ترسی زیادبووی ئەوان بە هیچ فێڵێک چارەسەر نابێت. ئێران بۆ شکاندنی داگیرکەر پێویستی نییە ببێتە وەشانێک لە داگیرکەر و لە یاریگای دۆڕاوەکاندا یاری بکات.»