سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" (تویتەری پێشوو) ڕووی لە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد و نووسیویەتی: "لە کاتی جەنگی سەربەخۆیی جەزائیردا، یەک ملیۆن و نیو جەزائیری لەلایەن فەرەنساوە کۆمەڵکوژ کران. پاریس کەمتر لە یەک لەسەر دەی ئەو ژمارەیەی بە فەرمی تۆمار کردووە، کەچی هێشتا خۆی لە هەر جۆرە داوای لێبوردنێک بۆ تاوانە کۆلۆنیالیستییەکانی دەبوێرێت."
عێراقچی لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە: "بەڕێز بارۆ، فرمێسکی تیمساح بەسە. بێدەنگیی ئێوە لەو کاتەی ئەمریکا خوێندکارە منداڵەکانی ئێمەی کوشت، گوزارشت لە هەموو شتێک دەکات."